راوێژكارى سه‌رۆك كۆمار بۆ اه‌ع:پێداچوونه‌وه‌ى چوار یاساى ته‌شریعی ده‌كرێت بۆ ده‌رچوون به‌یاسایه‌كى هه‌ڵبژاردنى گونجاو له‌گه‌ڵ سروشتى كۆمه‌ڵگاى عێراقی

الاثنين 21 تشرين أول 2019 - 20:12

راوێژكارى سه‌رۆك كۆمار بۆ اه‌ع:پێداچوونه‌وه‌ى چوار یاساى ته‌شریعی ده‌كرێت بۆ ده‌رچوون به‌یاسایه‌كى هه‌ڵبژاردنى گونجاو له‌گه‌ڵ سروشتى كۆمه‌ڵگاى عێراقی

 

 
به‌غدا-اه‌ع
ئه‌میر كینانى راوێژكارى سه‌رۆك كۆمار بۆ كاروبارى یاسایی ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌ پێكهێنانى تیپێكى كاركردنى راگه‌یاند بۆ پێداچوونه‌وه‌ى چوار یاسای سه‌روه‌رى په‌یوه‌ست به‌سیسته‌مى یاسادانان كه‌بنه‌مایه‌كى سه‌ره‌كییه‌ بۆ پرۆسه‌ى سیاسی.
كینانى له‌لێدوانێكى تایبه‌تدا بۆ ئاژانسى هه‌واڵى عێراقیه‌ "اه‌ع":رایگه‌یاند"ئه‌و یاسایانه‌ى پێداچوونه‌وه‌یان بۆ ده‌كرێت بریتین له‌:یاساى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان و،یاساى پارته‌كان و،یاساى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و،یاسای هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى قه‌زا وپارێزگاكان".
وتیشی"له‌میان ئه‌زموونێكى چه‌ند ساڵانى رابردوو ئه‌وه‌مان بۆ ده‌ركه‌وت ئه‌م چوار یاسایه‌ پێویستى به‌پێداچوونه‌وه‌یه‌ وگرفتى زۆر تێدایه‌ ولایه‌نى یاسادانان شڵه‌ژاوه‌ به‌تایبه‌ت له‌پرسى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران وئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان"،ئاماژه‌یشى به‌وه‌دا "یه‌كێك له‌یاساكان له‌ماوه‌ى مانگێك زیاتر له‌سێ جار هه‌مواركراوه‌ته‌وه‌". 
ئه‌وه‌یشى راگه‌یاند"تیمێكى كار به‌سه‌رپه‌رشتیمان له‌سه‌رۆكایه‌تى كۆمار پێكهێنراوه‌ وكۆمه‌ڵێك ئه‌كادیمی ناس وتوێژه‌رانى كۆمه‌ڵناسى وده‌رووناسى له‌خۆگرتووه‌ له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كانى په‌یوه‌ندیدار به‌چاودێرى هه‌ڵبژاردنه‌كان ونه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان وچه‌ند لایه‌نێكى ترى فه‌رمى وه‌كو ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى وئه‌نجومه‌نى ده‌وڵه‌ت وكۆمسیۆنى مافى مرۆڤ وكۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كان ونوسینگه‌ى سه‌رۆك وه‌زیران".
كینانى باسى له‌وه‌یش كرد :تیمه‌كه‌ گفتوگۆى كردووه‌ له‌باره‌ى ئه‌و په‌یڕه‌وه‌ى خزمه‌تى كۆمه‌ڵگاى عێراق ده‌كات به‌پێ سروشته‌كه‌ى به‌و پێیه‌ى نوێنه‌رایه‌تییه‌كان له‌سه‌ر رێژه‌ى دانیشتوانه‌كه‌ى به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئێستا كارى پێده‌كرێت سیسته‌مى لیسته‌كانى (سانت لیگۆیه‌)كه‌له‌َئێستادا خه‌ڵك متمانه‌ى پێ نه‌ماوه‌ بۆیه‌ ته‌وه‌رێكى سه‌ره‌كى گفتوگۆكان ده‌بێت".
رونیشیكرده‌وه‌ "ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان وچۆنێتى هه‌ڵبژاردن وئاماده‌كارییه‌كانى ودیاریكردنى ته‌مه‌ن وسیسته‌مى بایۆمه‌ترى ئه‌مانه‌ هه‌مووى جێى گفتوگۆكردن بوو"،ئاماژه‌یشى به‌وه‌ دا "تیمه‌كه‌ ده‌یه‌وێت دیدێكى نوێ بهێنێته‌ ئاراوه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ بۆچوونێكى گونجاو له‌گه‌ڵ سروشتى كۆمه‌ڵگاى عێراقى به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا نابێت پێچه‌وانه‌ى ده‌ستوور بێت".
كینانى دووپاتیشیكرده‌وه‌ "ده‌بێت تیمه‌كه‌ له‌ماوه‌ى ئه‌م مانگه‌ كاره‌كانى ته‌واو بكات وهه‌موو بۆچوونه‌كان بخاته‌ڕوو وبه‌ره‌و قۆناغى داڕشتنه‌وه‌ بچین به‌و پێیه‌ى كۆبوونه‌وه‌كان له‌ماوه‌ى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت".
ئه‌وه‌یشى وه‌بیرهێنایه‌وه‌"تیمه‌كه‌ به‌ره‌و یاسایه‌كى ته‌شریعى ده‌چێت وهه‌موویان له‌سایه‌ى یه‌ك یاسا كۆده‌بنه‌وه‌ ئه‌وه‌یش یاساى هه‌ڵبژاردنه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى په‌یوه‌سته‌ به‌هه‌مان بابه‌ته‌وه‌ ".