له‌میانی پێشوازیكردنی له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ئاساییش... سه‌رۆك كۆمار : عێراق به‌ په‌رۆشه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆششه‌كانی بونیادنان و به‌هێزكردنی سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌كه‌دا

السبت 29 حزيران 2019 - 22:37

له‌میانی پێشوازیكردنی له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ئاساییش... سه‌رۆك كۆمار : عێراق به‌ په‌رۆشه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆششه‌كانی بونیادنان و به‌هێزكردنی سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌كه‌دا

سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح دووپاتیکردەوە کە عێراق بە پەرۆشەوە  دەڕوانێتە بەردەوام بوونی راوێژکردن لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشدا بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح ئەمڕۆ شەممە ٢٠١٩/٦/٢٩ لە کۆشکی سەلام لەبەغدا پێشوازیکرد لە سەرۆکی ئێستای ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی مەنسور ئەلعەتەبی و ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش کە بۆ یەکەم جارە سەردانی عێراق دەکەن.

لە میانی دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم ساڵح، ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق ھەوڵدەدات ڕۆڵی خۆی بگێڕێت لە سەر ھەردوو ئاستی ناوچەکە و جیھاندا، بۆ بەشداریکردنی لە ھەوڵەکانی بونیادنانەوە و چەسپاندنی  سەقامگیری و خواستی ڕاستەقینەی عێراقیش بۆ چارەسەکردنی پرسە نێودەوڵەتییەکان بەڕێگا چارەی سیاسی و ھاندان بۆ گفتوگۆ لەنێوان گشت لایەنەکاندا، ھاوکات دووپاتیشی لە گرنگی پارێزگاریکردن لە سەروەری عێراق و سەلامەتی ئاسایش و یەکێتی خاکەکەی کردەوە، لە بەرامبەر ئەو مەترسی و ئاستەنگانەی کەڕووبەڕووبەری ناوچەکە بوونەتەوە.  

ھەر لەدیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە کە ھەرچەند عێراقییەکان سەرکەوتن بەسەر تیرۆردا و ناوچەکانیان ڕزگارکرد، بەڵام ھێشتا ئەرکی گەورەیان لە پێشە بۆ پارێزگاریکردن لە یەکریزی و بەدیھێنان خۆشگوزەرانی، ئەوەیش بەبێ یارمەتی ڕِێکخراوە نێودەوڵەتییەکان وڵاتانی دۆست  بەدی نایەت.

لەلای خۆیەوە مەنسور ئەلعەتەبی، پشتیوانی خۆی و ئەنجومەنی ئاسایشی بۆ گەل و حکومەت و سەروەری عێراق دووپاتکردەوە و ستایشی ئەو سیاسەتە ھاوسەنگەی عێراقی کرد کە پەیڕەوی دەکات و بەپەرۆشە بۆ پابەندبوون بەبڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشەوە، ڕاستی ئەو ئاراستە سیاسی و کرانەوەی عێراقیش بەڕووی ناوچەکە و جیھاندا دەگەیەنێت.  

ھەر لەدیدارەکەدا ،سەرۆک کۆمار لەگەڵ شاندی میوان باسیان لە دوا پێشھات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە و جیھان و قەیرانەکان کرد، ھاوکات جەختی لە پێویستی کاری ھاوبەش بۆ نەھێشتنی قەیران و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کرایەوە.