سەرۆك كۆمار پێشوازی لە وەزیری بازرگانی توركیا کرد

الخميس 20 حزيران 2019 - 14:41

سەرۆك كۆمار پێشوازی لە وەزیری بازرگانی توركیا کرد

سەرۆك كۆمار د. بەرهەم ساڵح ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٠١٩/٦/٢٠ لە كۆشكی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە وەزیری بازرگانی توركیا روهسار بەگچان و  شاندی یاوەری.

لە دیدارەکەدا سەرۆك كۆمار جەختی لەوە كردەوە کە تەواوكاری ئابووری و پەیوەندی وڵاتانی ناوچەكە و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری وەک ڕێگەچارەیەك بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایش و گەشەسەندن لە ناوچەکەدا، ھاوکات ئاماژەی دا بەگرنگی پەرەپێدان و بەرزكردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و توركیا و بەشداریكردنی كۆمپانیا توركییەكان لە ئاوەدانكردنەوەی عێراق و سوود وەرگرتن لە شارەزاییان لە بوارە جیاوازەكاندا كە زامنی پەرەپێدانی ئابووری عێراق  و دەستەبەری دەرفەتی كار بكات.

لەلای خۆیەوە وەزیری بازرگانی توركی ئاماژەی کرد بەو ڕێوشوێنانە سەبارەت  بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەردوو وڵات گرتوویانەتە بەر ، ھەروەھا جەختی لە گرنگی فراوانكردنی ئاسۆی هاریکاری لە گشت بوارەكاندا كردەوە بە جۆرێك لە خزمەت بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی هەردوو گەلی دۆستدا بێت.