سەرۆک کۆمار چاویکەوت بە سەرۆکی تایەفەی ئەرمەنی ئەرتەدۆکس لە عێراق

الثلاثاء 14 أيار 2019 - 21:53

سەرۆک کۆمار چاویکەوت بە سەرۆکی تایەفەی ئەرمەنی ئەرتەدۆکس لە عێراق

سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح ئەمڕۆ سێشەممە ۲۰۱۹/٥/۱٤ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا چاوی کەوت بە مەتران ئاڤاک ئەسادۆریان سەرۆکی تایەفەی ئەرمەنی ئەرتەدۆکس لە عێراق و شاندی یاوەری.

لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم ساڵح ئاماژەی بەوە کرد کە ئەرمن پێکھاتەیەکی رەسەنی کۆمەڵگەی عێراقن و پابەندبوونی پێکھاتەی ئەرمەنیشی بە شوناسی نیشتمانی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەگەڵ پێکھاتەکانی دیکەدا بەرزنرخاند، ھاوکات ئامادەیی خۆشی نیشاندا بۆ پشتیوانیکردنی داوا رەواکانیان لە دەستەبەرکردنی گوزەرانێکی باشتر لەگەڵ سەرجەم گەلانی عێراقدا.

لەلای خۆیەوە مەتران ئەسادۆریان رێز و پێزانینی خۆی  بۆ ھەوڵەکانی سەرۆک کۆمار لە پێناوی نزیککردنەوەی دید و بۆچوونەکانی گشت پێکھاتەکانی گەلی عێراق و بەھێزکردنی گیانی لێکگەیشتنی نیشتمانی دەربڕی. 

ھەر لە میانی دیدارەکەدا باس لە پێویستی گرنگیدانی زیاتر بە بەشداریکردنی پێکھاتەی ئەرمەن لە دامودەزگاکانی حکومەت و یاسادانان کرا.