دواى به‌شداریكردنى له‌ چالاكییه‌كانى كۆنگره‌ى لوتكه‌ى عه‌ره‌بى... سه‌رۆك كۆمار گه‌ڕایه‌وه‌ به‌غدا

الثلاثاء 02 نيسان 2019 - 11:36

دواى به‌شداریكردنى له‌ چالاكییه‌كانى كۆنگره‌ى لوتكه‌ى عه‌ره‌بى... سه‌رۆك كۆمار گه‌ڕایه‌وه‌ به‌غدا

سه‌رۆك كۆمار د. به‌رهه‌م ساڵح ئێوارەی ئەمرۆ دوو شه‌ممه‌ ٢٠١٩/٤/١ گه‌یشته‌وه‌ شارى به‌غدا دواى به‌شداریكردنى له‌ خولى سیهه‌مین چالاكییه‌كانى كۆنگره‌ى لوتكه‌ى عه‌ره‌بیدا.

له‌ په‌راوێزى لوتكه‌ى عه‌ره‌بیدا سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح چاویكه‌وت به‌ به‌شێك له‌ پاشا و سه‌رۆكی وڵاتانى عه‌ره‌بى و ئه‌مینداری گشتى نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان و لێپرسراوى كاروبارى ده‌ره‌وه‌ و ئاسایشى یه‌كێتى ئه‌وروپا و له‌ میانی  كۆبوونه‌وانه‌كاندا سه‌رۆك به‌رهه‌م سوربوونى عێراقى دووپاتكردەوە بۆ پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و كاركردنى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ هه‌مووان له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندى هاوبه‌ش.

سه‌رۆك كۆمار له‌ میانى پێشكه‌شكردنی وتاری عێراق له‌ كۆنگره‌ی لوتكه‌ی عه‌ره‌بی و له‌ چوارچێوه‌ى كۆبوونه‌وه‌كانیدا هه‌ماهه‌نگى ئیقلیمى و هاریكارى هه‌موو لایه‌كى به‌گرنگ زانى بۆ رێگریكردن له‌ سه‌ر هه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر و ته‌ئكیدیشى كرده‌وه‌ له ‌سه‌ر ئارامى و سه‌قامگیرى عێراق كه‌ رایه‌ڵه‌یه‌كى گرنگى مه‌نزمومه‌ى ئه‌منى ناوچه‌كه‌یه‌.