حەلبوسی لە واشنتۆن: عێراق تا ئێستا پێویستی بە بەردەوامبوونی هاوكاری هەیە بۆ لەناوبردنی شانە نستوەكانی تیرۆر

الأربعاء 27 آذار 2019 - 23:01

حەلبوسی لە واشنتۆن: عێراق تا ئێستا پێویستی بە بەردەوامبوونی هاوكاری هەیە بۆ لەناوبردنی شانە نستوەكانی تیرۆر
محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بە یاوەری شاندێكی پەرلەمان چاوی كەوت بە باتریك شاناهان وەزیری بەرگری ئەمریكا و مەراسیمی فەرمی پێشوازیكردنی لە بنتاگۆن بۆ رێكخرا.
لەسەرەتای دیدارەكە وەزیری بەرگری ئەمریكا سەرەخۆشی لە گەلی عێراق كرد بەهۆی نقومبونی بەلەمەكە و خەمباری و هاوسۆزی خۆی بۆ قوربانیانی روداوەكە نیشاندا، پێشوازیشی لە شاندی میوان كرد و جەختی كردەوە لەسەر گرنگی گەشەپێدانی پەیوەندی دۆستانە و بەردەوامبوونی لە نێوان واشنتۆن و بەغداد.
هەر لە دیدارەكە تاوتوێی پەیوەندی دۆستانە و رێگەكانی پتەوكردنی هاریكاری نێوان هەردوو وڵات كرا لە بواری ئەمنی و سەربازی و ئابوری.
بەرێزیان ڕایگەیاند خۆشحاڵین كە ئێستا لێرەین دوای سەركەوتن بەسەر تیرۆریستانی داعش بە هاوكاری هاورێیان لە نێویاندا ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و رۆڵی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەوبوارەدا بەرزدەنرخێنین، ئاماژەی بەوەشكرد عێراق لە ڕووی سەربازییەوە بەسەر رێكخراوی تیرۆریستی داعش سەركەوت بەڵام تا ئێستا پێویستی بە بەردەوامی هەوڵ و پشتیوانی هەیە بۆ لەناوبردنی شانە نستوەكان، تەئكیدیشی كردەوە عێراق پێویستی بە هەوڵی هاورێكانی هەیە بۆ پشتیوانی لە حكومەتی عێراق لە بواری هەواڵگری و لۆجستی.
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران وتیشی ئێمە تا ئێستا بەردەوامین لە شەڕی دژ بە تیرۆر و بیری توندڕەوی ئەوەش پێویستی بە هەوڵی نێودەوڵەتی هەیە لە بواری راهێنانی هێزە عێراقییەكان و ئامادەكردنی لەگەڵ هەوڵی هەواڵگری و پشتیوانی لۆجستی و هەر ئەركێكی تر كە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان دەستنیشانیان دەكات.
هەر لەدیدارەكەدا باس لە گرنگی هەوڵی نێودەوڵەتی كرا بە شێوەیەكی ڕوون لە دۆسیەی ئاوەدانكردنەوە و سەقامگیری بۆ ناوچە ڕزگاركراوەكان و گەڕانەوەی ئاوارەكان كە تا ئێستا لە كەمپەكاندا ماون، جەختیشی كردەوە لەسەر گرنگی پشتیوانی لە حكومەتی عێراق بۆ پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو ناوچانە لە پێناو داخستنی دۆسیەی ئاوارەبوون كە كاریگەری دەبێت بۆ دووبارە نەگەڕانەوەی داعش و بڵاوبونەوەی بیری توندڕەوی، لەگەڵ دابینكردنی هەلی كار لە رێی پرۆژەكانی وەبەرهێنان بۆ نەهێشتنی بێكاری.
بەرێزیان وتیشی بارودۆخی ئێستا زۆرتر لەهەر كاتێكی پێشوو لەبارە بۆ دوبارە ئاوەدانكردنەوەی عێراق و باشترە ئەو دەرفەتە بقۆزرێتەوە لە پێناوی سەقامگیری عێراق كە كاریگەری لەسەر سەقامگیری ناوچەكە دەبێت.
لە كۆتایی دیدارەكەش شانهان سەرسامی خۆی بە هێزەكانی عێراق و پێشكەوتنی نیشاندا و جەختیكردەوە لەسەر بەردەوامبوونی پشتیوانیەكانیان بۆ حكومەت و هێزەكان و خوازیاری هاریكاری زیاتری نێوان بەغداد و واشنتۆنە بەو جۆرەی خزمەت بە بەرژەوەندیەكانی هەردوو گەلی هاورێ دەكات.