سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح: فره‌ڕەنگی ئاینی و نه‌ته‌وه‌یی فاكته‌ری به‌هێزن و ده‌بێ پارێزگاریان لێ بكرێت

الأحد 10 آذار 2019 - 14:18

سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح: فره‌ڕەنگی ئاینی و نه‌ته‌وه‌یی فاكته‌ری به‌هێزن و ده‌بێ پارێزگاریان لێ بكرێت

سه‌رۆك كۆمار د. به‌رهه‌م ساڵح ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ١٠|٣|٢٠١٩ له ‌كۆشكی سه‌لام له‌ به‌غدا چاویکه‌وت به‌ پاتریه‌رك گۆرگیسی سێهه‌م و جه‌خت له‌گرنگی پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتییانه‌ی نێوان گشت پێكهاته‌ و ئاینه‌كانی عێراق کرایەوە له ‌پێناوی به‌هێزكردنی یه‌كریزی نیشتمانی.

له‌ میانی ئه‌و سه‌ردانه‌ی پاتریه‌رک گۆرگیسی سێیه‌مدا بۆ لای سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح باس له‌وه‌ کرا كه‌ ڕه‌فتاری تاوانكاری گروپه‌ ته‌كفیرییه‌كان گوزارشت له ‌تایه‌فه‌یه‌ك و ئاینێكی دیاریكراو ناكات ئه‌وان پێکه‌وه‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی گه‌لی عێراقیان كردبووه‌ ئامانج، هه‌روه‌ها جه‌ختیشی كرایه‌وه‌ كه‌ لێبورده‌یی و فره‌ڕه‌نگی ئاینی و نه‌ته‌وه‌یی له‌ عێراقدا فاكته‌ری به‌هێزن و له ‌سه‌ر هه‌موو لایه‌ک پێویسته‌ كه ‌ئه‌و فره‌ڕه‌نگیه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بكه‌ین و پارێزگاری لێ بكه‌ین. 

سه‌رۆك كۆمار روونیشیكرده‌وه‌ كه ‌كریستیانه‌كان وه‌ك پێكهاته‌كانی دیكه‌ دووچاری سه‌ركوتكردن و ئاواركردنی زۆره‌ ملێ هاتوون له‌لایه‌ن ڕێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌كانی وه‌ك داعش، هاوكات سه‌رۆك كۆمار ته‌ئكیدی كرده‌وه‌ له ‌گێڕانه‌وه‌ی خێزانه‌ ئاواره‌كان بۆ ناوچه‌ و ماڵ و حاڵی خۆیان و دابینكردنی ژینگه‌یه‌كی ئارام و ژیانێكی شایسته‌ بۆیان، داواشی كرد ‌پیاوانی ئاینی كریستیان كه ‌به‌ رۆڵی به‌رچاوی خۆیان هه‌ستن له ‌گرنگیدان به ‌گه‌ڕانه‌وه‌ی رۆڵه‌كانی پێكهاته‌ی كریستیان بۆ وڵاته‌كه‌یان كه‌ هه‌زاران ساڵه‌ تێیدا ژیاون.

‌لای خۆیه‌وه‌ پاتریه‌رك گۆرگیسی سێهه‌م رۆڵ و هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆك كۆماری له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی چه‌مكی پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتی و یه‌كریزی به‌رزنرخاند و دووپاتیشی كرده‌وه‌ له‌ پێداگری پێكهاته‌ی كریستیان به‌ شوناسی عێراقیانه‌وه‌.