سه‌رۆك كۆمار سه‌ردانی رێكخراوی یونسكۆی كردو جەختی له‌ گێڕانه‌وه‌ی شوێنه‌واره‌ تاڵانكراوه‌كانی عێراق كرده‌وه‌

الاثنين 25 شباط 2019 - 17:22

سه‌رۆك كۆمار سه‌ردانی رێكخراوی یونسكۆی كردو جەختی له‌ گێڕانه‌وه‌ی شوێنه‌واره‌ تاڵانكراوه‌كانی عێراق كرده‌وه‌

سه‌رۆك كۆمار د. به‌رهه‌م ساڵح رۆژی دووشه‌مه‌ ٢٠١٩/٢/٢٥ چاوی كه‌وت به‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان بۆ په‌روه‌رده‌ و رۆشنبیری و زانست (یونسكۆ) خاتووە ئودری ئەزولای.

له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح ئاماژه‌ی به‌ گرنگی کارەکانی یونسكۆ کرد له‌ كه‌رته‌كانی رۆشنبیری و په‌روه‌رده‌ و كۆمه‌ككردنی عێراق بۆ گێرانه‌وه‌ی ئاسه‌واره‌ تاڵانكراوه‌كانی، هاوكات رۆڵی یونسكۆی بۆ دووباره‌ بوژانه‌وه‌ی موسڵ و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌ به‌رز نرخاند.
 
ھەر لە دیدارەکەدا سه‌رۆك كۆمار داوای له‌ یونسكۆ كرد هه‌وڵ بدات کە شوێنه‌واره‌ مێژووییه‌كانی شاری بابل له‌ لیستی شوێنه‌وارە مێژووییەکانی جیهان تۆمار بكرێت. 

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی یونسكۆ جه‌ختی له‌ئاماده‌یی رێكخراوه‌كەی‌ كرده‌وه‌ له ‌پشتیوانیكردنی عێراق له‌ بواره‌كانی رۆشنبیری و په‌روه‌رده‌ و گێرانه‌وه‌ی ئاسه‌واره‌ تاڵانكراوه‌كانی و پاراستنی شوێنه‌واره‌ مێژووییه‌كانی، ھاوکات خۆشحاڵی خۆشی دەربڕی به ‌سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح بۆ رێکخراوی یونسکۆ وەک یه‌كه‌م سه‌رۆك کۆماری عێراق‌. 

هه‌ر له‌میانه‌ی دیداره‌كه‌دا باس له‌ هه‌وڵه‌كانی یونسكۆ كرا بۆ پشتیوانیكردنی عێراق له‌ بواره‌كانی نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری و داڕشتنی پلان و به‌رنامه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی ژینگه‌ و به‌ره‌وپێشبردنی خوێندن لە عێراقدا.