سەرۆك كۆمار بەشداری لە كۆبونەوەی لوتكەی شەرم شێخ دەكات

السبت 23 شباط 2019 - 16:18

 سەرۆك كۆمار بەشداری لە كۆبونەوەی لوتكەی شەرم شێخ دەكات
بەغداد – ا ه ع
وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆمار رایگەیاند: د. بەرھەم ساڵح سەرۆك كۆمار بۆ بەشداری لە كۆنگرەی لوتكەی عەرەبی و ئەوروپی و كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكی فەرەنسا ئەمڕۆ گەشتێكی دیپلۆماسی دەستپێدەكات.
لوقمان فەیلی وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆمار رایگەیاند د.بەرھەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق، لەمیانی چالاكییەكانی كۆنگرەی عەرەبی ئەوروپیدا كەبڕیارە سبەینێ  24-2-2019، لە شەرم شێخ-ی میسر ببەسترێت چاوی بە ژمارەیەك لە پادشاو سەرۆكی وڵاتانی عەرب و جیهان دەكەوێت، بۆ بەھێزكردنی پەیوەندییەكانی عەرەبی و ئەوروپی لە بوارەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو باسكردنی پرسەكانی بازرگانی و وەبەرھێنان و پەرەپێدانی فرەیی سیاسی و كۆچ-دا، سەرەڕای تاتوێكردنی ڕێكارەكانی ھەماھەنگی ھاوبەش لەبەرامبەر ئەو مەترسیانەی كەڕوبەرووی ناوچەكە دەبنەوە.
وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆمار وتیشی: سەرۆك كۆمار، پاش كۆتایی ھاتنی كۆنگرەكە لە وڵاتی میسر، لەسەر بانگێشتنامەی رەسمی ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا، سەردانی فەرەنسا دەكات و سەردانەكەش دوو ڕۆژ دەخایەنێت، وا چاوەڕوانیش دەكرێت كە لەمیانی سەردانەكەیدا چاوی بەگەورە بەرپرسانی فەرنساو ئەندامانی ئەنجومەنی پیران بكەوێت.
ھاوكات فەیلی، دوپاتیشیكردەوە كە بەشداریكردنی د.بەرھەم ساڵح، لەكۆنگرەی شەرم شێخ و سەردانی بۆ فەرەنسا بەمەبەستی بەھێزكردن و كاراكردنی ڕۆڵی عیراقە لەھەر دوو ئاستی عەرەبی و جیھانیدا.