ڕاسپاردەكانی حەلبوسی بۆ گۆڕانكاری لە بودجەدا

السبت 19 كانون ثاني 2019 - 15:32

ڕاسپاردەكانی حەلبوسی بۆ گۆڕانكاری لە بودجەدا
بەغداد - ا ه ع
لە بەردەوامی هەوڵەكانی بۆ پەسەندكردنی بودجەی گشتی ساڵی 2019 محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمان، ئەمرۆ شەممە، لە كۆبونەوەیەكی فراواندا تاوتوێی پارەی تەرخانكراو بۆ گەشەپێدانی هەرێمەكان و وەبەرهێنانی كرد.
لە كۆبونەوەكەدا پێداویستیەكانی پارێزگا رزگاركراوەكان لە داعش و ئەو پارێزگایانەی كە بەدەست كەمی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن خرایەڕوو، لەگەڵ پێداویستیەكانی وەزارەتی بەرگری و پەروەردە و تەندروستی و سەرچاوەكانی ئاو لە بودجەی فیدڕاڵی.
لە كۆبونەوەكەدا رۆشناییش خرایە سەر چارەسەركردنی دۆسیەی رۆڵەكانی سەحوە، و دۆزینەوەی چوارچێوەی دارایی بۆ دۆسیەی دروستكردنی قوتابخانە و كرێی وانەبێژان.
هەر لە كۆبونەوەكەدا تاوتوێی رێگەكانی كەمكردنەوەی كورتهێنان لە بودجەی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2019 كرا لەگەڵ كەمكردنەوەی قەبارەی قەرزی دەرەكی بەجۆرێك كاریگەری لەسەر جوڵەی وەبەرهێنان و ئاوەدانكردنەوە و رەخساندنی هەلی كار نەبێت بۆ لاوان.
بەرێزیان لە میانی كۆبونەوەكەدا تەئكیدی كردەوە لەسەر گرنگی كۆتاییهێنان بە دۆسیەی گواستنەوەی پارە لە وەزارەتی دارایی بەو جۆرەی گونجاوە لەگەڵ پێداویستیەكانی حكومەتی فیدڕاڵی.
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران رونیشی كردەوە كۆبونەوەكان بەردەوام دەبن بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان لە ژمارەیەك بڕگە و بەندەكانی بودجە لە پێناو پەلەكردن لە پەسەندكردنی بەو جۆرەی لەئاستی خواستنی هاوڵاتیانی عێراقدا بێت.