سەرۆك كۆمار پێشوازی له‌ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا کرد، دواین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و ناوچەكە تاوتوێ کرا

الخميس 10 كانون ثاني 2019 - 14:34

سەرۆك كۆمار پێشوازی له‌ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا کرد، دواین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و ناوچەكە تاوتوێ کرا

بەڕێز سەرۆك كۆمار د. بەرهەم ساڵح ئەمرۆ چوار شەممە ٩|١|٢٠١٩ لە كۆشكی سەلام لە بەغداد پێشوازی کرد له‌ بەڕێز مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عیراق و ناوچەكە و په‌یوه‌ندی نێوان عیراق و ئه‌مریکا گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ کرا.

سەرۆك كۆمار له‌ میانه‌ی ئه‌و پێشوازیه‌دا که‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئاماده‌ی بوو تەئكیدی کرده‌وه‌ که‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ پێویستی به‌ گفتوگۆ و لێکگه‌یشتنێکی تازه‌ هه‌یه‌ لە نێوان تەواوی پێكهاتەكان بۆ چەسپاندنی ئاسایش و ئاشتی و نه‌هێشتنی بارگرژیی و چه‌سپاندنی دۆخێکی ئارام که‌ له‌ خزمه‌تی گه‌لانی ئه‌م ناوچه‌یه‌دا بێت به‌گشتی، سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندی دوو قۆڵی عیراق و ئه‌مریکاش سەرۆك به‌رهه‌م ساڵح ئاماژەی به‌ گرنگی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ كرد له‌ نێوان هەردوو وڵات، هاوکات پەرەپێدان و پێشخستنیشی له‌ هه‌موو بواره‌کاندا به‌ پێویست زانی به‌ تایبه‌ت بەشداریكردنی ئەمریكا لە بنیادنانەوەی عێراق و سەرپێخستنەوەی ئابووری و بوژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی وڵات و باشترکردنی توانای سه‌ربازی.

هه‌روه‌ها سه‌رۆک کۆمار بەبایەخەوە باسی لەو پشتیوانییە كرد كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە رووی سیاسی و ئەمنیەوە لە عێراقی کردووە، بەتایبەت لە جەنگی دژ بە تیرۆر و سەركەوتن بەسەر گروپی تیرۆرستی داعشدا.

لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سوربوونی وڵاتەكەی دووپاتكردەوە بۆ هێشتنەوە و به‌هێزکردنی پەیوەندییەكی تایبەت لەگەڵ عێراق لەهه‌موو ئاستەكاندا، هه‌ڵوێستی نه‌گۆڕی وڵاته‌که‌شی بۆ بەگژاچونەوەی داعش و مه‌ترسی  تیرۆرستان به‌ گشتی لە عێراق و تەواوی ناوچەكە دووپاتکرده‌وه‌.

پۆمپیۆ روونیشكردەوە ئەمریكا عێراق بە هاوبەشێكی گرنگ و ستراتیژی دەزانێت لە زۆربەی بوارەكانی سیاسی و ئابووری و ئەمنی، سه‌باره‌ت به‌ بواری ئابووری و بازرگانیش وەزیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا ئاماده‌ی وڵاته‌که‌ی دەربڕی بۆ بەشداریكردن لە وەبەرهێنان و پرۆسەی بنیادنانەوەی عێراق و بەتایبەتیش شارە تازه‌ ئازاد كراوەكان.