لەکاتی پێشوازیکردنی لە نوێنەری سەرۆکی رۆحی ئاینی ئێزیدی دا، سەرۆک کۆمار بایەخی پێکەوە ژیانی ئاشتی و هاوبەشی نێوان پێکهاتەکانی عێراق دووپاتکردەوە

الثلاثاء 25 كانون أول 2018 - 16:37

لەکاتی پێشوازیکردنی لە نوێنەری سەرۆکی رۆحی ئاینی ئێزیدی دا، سەرۆک کۆمار بایەخی پێکەوە ژیانی ئاشتی و هاوبەشی نێوان پێکهاتەکانی عێراق دووپاتکردەوە

بەڕێز سەرۆک کۆمار د. بەرهەم ساڵح بایەخی پێکەوە ژیانی ئاشتی و هاوبەشی نێوان هەموو پێکهاتەکانی گەلی عیراق و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ بۆ قۆناغی دوای داعشی دووپاتکردەوە کە تەبایی و خۆشویستن و برایەتی باڵ بکێشێت بەسەریدا.

‎ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٠١٨/١٢/٢٥ بەڕێز سەرۆک کۆمار د. بەرهەم ساڵح لەکۆشکی سەلام لەبەغداد پێشوازیکرد لەنوێنەری سەماحەتی بابە شێخ سەرۆکی رۆحی ئاینی ئێزیدی لە عێراق و جیهاندا، لەو دیدارەدا دووپاتیکردەوە کە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان هەرچی زووە ئاسانکاریی بکەن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، هەروەها دۆخێکی ئەمنی و خزمەتگوزاری لەباریان بۆ دابین بکرێ.

‎لەو دیدارەدا کە ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینی ناسراوی ئێزیدییەکان ئامادەی بوون، بەڕێز سەرۆک کۆمار روونیكردەوە زۆربەی ئەو ناوچانەی کە خەڵکەکەی ئاوارە بوون پێویستی بە هەوڵێکی هاوبەشە کە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتە خۆجێییەکانە بەشداری ئاوەدانکردنەوەی بکەن، هاوکات خەڵکی ئەو ناوچانەش هاریکارییان بکەن لەپێناوی دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانیان و گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی بۆ ئەو ناوچانە.

‎لە بەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆک کۆمار رایگەیاند "ئێمە چ وەک دەوڵەت چ وەک لێپرسراوان پێویستە کار بکەین لەپێناوی گەڕانەوەی كەسوكارە رفێنراو وە ئێزدییەكانمان و دیاری كردنی چارەنوسیان وەك مافێكی رەوایان كە بەسەر ئێمەوەیان هەیە".

‎بەڕێزیان ئاماژەیدا بۆ قوربانیدانی ئێزدییان، ئەو قوربانیدانەی رۆڵە ئێزیدیەكانی گەلەكەمانی بەرز نرخاند لە كاتی بەگژاچوونەوەیان دژی داعشی تیرۆریست، هاوكات ستایشی خۆڕاگریی و دان بەخۆداگرتنیانی كرد و دووپاتیكردەوە ئیزدییەكان بەو خۆڕاگرییەیان داستانی قارەمانانەیان تۆمار كردووە كە جیهان پێیان سەرسامە بە تایبەتی دوای ئەوەی چالاكوان نادیە موراد خەڵاتی ئاشتی نۆبڵی بەدەستهێنا. 

‎لای خۆیانەوە ئەندامانی وەفدەكە سەرباری بەرز نرخاندنی ئەو پشتیوانی و پشتگیرییەی سەرۆك كۆمار لە ئێزدییەکان كە هاوسۆزیان بووە لە كاتی مەینەتییەكانیاندا، هاوكات پابەند بوونی ئێزدییەكانیان دووپاتكردەوە بە خاكی نیشتمانەكەیان و پێكەوە ژیانی هاوبەش لەگەڵ خوشك و براكانیان لە پێكهاتەكانی تر، هەروەها ئامادەبوونی خۆیان نیشاندا بۆ بەشداریكردن لە بنیادنانی عێراقی نوێدا كە جێگەی هەموو پێكهاتەكانی تیادا ببێتەوە.