سەرۆک کۆمار پێشوازی کرد له‌ نوێنه‌رى نوێى سكرتێرى گشتى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووەکان لە عێراق

الأربعاء 19 كانون أول 2018 - 17:58

سەرۆک کۆمار پێشوازی کرد له‌ نوێنه‌رى نوێى سكرتێرى گشتى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووەکان لە عێراق

به‌ڕێز سه‌رۆك كۆمار د. به‌رهه‌م ساڵح دووپاتیكرده‌وه‌ عێراق هیواخوازه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان رۆڵى كارا و به‌رچاو ببینێ له‌ قۆناغى داهاتووى عێراق و ئه‌و كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌ بووانه‌ى كه‌ به‌هۆى په‌لامارى داگیركارى داعشى تیرۆریست بۆ سه‌ر چه‌ند شارێكى عێراق له‌ دواى ساڵى ٢٠١٤وه‌ دروستبووه‌.

له‌ میانى پێشوازیكردنى له‌ به‌ڕێز جینین هینس بلاسخارت نوێنه‌رى تایبه‌تى سكرتێرى گشتى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق كه‌ ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌ ٢٠١٨/١٢/١٩ له‌ شارى به‌غداد به‌ڕێوه‌چوو، به‌ڕێز سه‌رۆك كۆمار ئاماژه‌ى كرد به‌ هه‌وڵى چڕ وپڕ و جوڵه‌ى سیاسى له‌ ئاسته‌ جیاوازه‌كان بۆ پێكهێنان و تەواو کردنی كابینه‌ى وزارێکە، ته‌ئكیدیشى كرده‌وه‌ له‌سه‌ر پشتیوانى سه‌رۆك وه‌زیر له‌ پێناو به‌جێگه‌یاندنى ده‌ستكه‌وته‌ ده‌ستوورییه‌كان له‌ قۆناغى داهاتوودا.

به‌ڕێز سه‌رۆك كۆمار پیرۆزبایی له‌ بلاسخارت كرد به‌بۆنه‌ى ئه‌ركه‌ نوێكه‌ى له‌ عێراق، هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست له‌ كاره‌كه‌یدا، دووپاتیشى كرده‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تى كۆمار پشتگیر و پشتیوانى ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌ركه‌ مرۆیه‌كان به‌باشی جێ به‌جێ بكات و ئاشتى كۆمه‌ڵایه‌تى سه‌قامگیربێت و ئارام به‌دى بێت له‌ پێناو بڵاوكردنه‌وه‌ى بیرى لێبورده‌ى و خۆشه‌ویستى و به‌دیهێنانى مافه‌كانى مرۆڤ.

له‌لاى خۆیه‌وه‌ بلاسخارت ته‌ئكیدی كرده‌وه‌ له‌سه‌ر پشتیوانى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ عێراق له‌ بواره‌ جیاجیاكان له‌ پێناو سه‌قامگیرى به‌رده‌وام، رۆڵى ئه‌و هه‌وڵه‌ گرنگانه‌شى به‌رزنرخاند كه‌ سه‌رۆك كۆمار ده‌یبینێ له‌ پێناو لێك نزیكردنه‌وه‌ى بیروڕاكان له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و پته‌وكردنى یه‌كێتى نیشتمانى.