سەرۆك كۆمار پێشوازی كرد لە لیژنەی باڵای تیمی نیشتمانی بۆ بڕیاری 1325

الاثنين 17 كانون أول 2018 - 16:48

سەرۆك كۆمار پێشوازی كرد لە لیژنەی باڵای تیمی نیشتمانی بۆ بڕیاری 1325
بەغداد – ا ه ع
د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار لە كۆشكی سەلام لە بەغداد پێشوازیكرد لە لیژنەی باڵای هەماهەنگكاری تیمی نیشتمانی بۆ بڕیاری 1325.
لە دیدارەكەدا گفتوگۆ كرا لە بارەی راپۆرتی تایبەت بە جێبەجێكردنی پلانی كاری نیشتمانی عێراقی پەیوەست بە بڕیاری 1325 ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پەیوەندیدار بە ژنان و ئاشتی و ئاسایش كرا، هاوكات بارودۆخی ژنان لە سایەی هەلومەرجی ئێستا تاوتوێكرا.
لەو بارەیەوە سەرۆك كۆمار لە وتەیەكدا بایەخی پێشخستن و گەشەپێدانی بارو گوزەرانی ژنانی عێراق و رەخساندنی كەش و هەوایەكی لەباری ژینگەی و كۆمەڵایەتی دووپاتكردەوە بە مەبەستی پاراستن لە هەموو جۆرە توندوتیژییەك، بەڕێزیان رایگەیاند: ئێمە لە بەردەم لێپرسراوێتیەكی مێژووییداین كە پێویستە ژنان سەركەوتوو بن و پێشیان بخەین بەو ئامانجەی بتوانن رۆڵی خۆیان ببینن لە ناو كۆمەڵگەدا، هەروەها بتوانن ئەركی سەرۆكایەتی و بەڕێوەبردن رابپەڕێنن لە دامەزراوە حكومییەكاندا شانبەشانی براكانیان پۆستی سیاسی وەربگرن.
سەرۆك بەرهەم ساڵح لە بەشێكی تری وتەكەیدا هەوڵەكانی ئەم تیمە نیشتمانییەی بەرزنرخاند، لەو رووەشەوە پشتیوانی خۆی دووپاتكردەوە بۆ پرسەكانی تایبەت بە ژنان و پشتیوانی كردنی تواناكانیان بۆ گەیاندنی پەیامە مێژووییەكەیان.
تەوەرەیەكی تری وتەكەی بەڕێز سەرۆك كۆمار ستایش كردنی قوربانیدانی زۆری ژنان بوو، كە ژنان لە قۆناغ و سەردەمە جیا جیاكاندا قوربانی زۆریان پێشكەش كردووە بە تایبەتی لە بەرەنگار بوونەوەی ھێزەكانی تیرۆر و دان بەخۆداگرتن و خۆڕاگری بەڕووی فیكری تاریكی داعشدا. بەڕێزیان لە وتەكەیدا داوایكرد، كە پلانی نیشتمانی دابڕێژرێت بۆ ژیانەوە و بوژانەوەی رۆڵی ژنانی عێراق بەو جۆرەی كە بگونجێت لەگەڵ پێگە گرنگ و گەورەكەی لە ناو كۆمەڵگەدا.
سەرۆك بەرھەم ساڵح ئەو ھەوڵە جددی و گەورانەی خستەروو كە عێراق بە یارمەتی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان خستویەتییە گەڕ بەتایبەتی لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكاندا لە پێناوی داڕشتنی ئایندەیەكی گەش بۆ ژنان.