سەرۆك كۆمار پێشوازی كرد لە راوێژكاری تایبەتی سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن

الاثنين 17 كانون أول 2018 - 15:24

سەرۆك كۆمار پێشوازی كرد لە راوێژكاری تایبەتی سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن
بەغداد – ا ه ع
د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار پەرۆشی عێراقی دووپاتكردەوە بۆ كرانەوە لەئاست وڵاتانی جیهان لەسەر بناغەی رێزگرتنی سەروەریی و ئاڵوگۆڕكردنی بەرژەوەندی هاوبەش، هاوكات ئەو رۆڵە باش و ئەرێنییەی بەرز هەڵسەنگاند كە حكومەتی ژاپۆن بینویەتی لە پشتگیریكردنی پرۆسەی سیاسی و بەشداریكردنی لە پرۆسەی بونیادنان و ئاوەدانكردنەوە و یارمەتیدانی ئاوارەكان.
‏‎ لە كۆشكی سەلام لە بەغداد لە كاتی پێشوازیكردنی لە بەڕێز كینتارۆ سۆنو ئورا راوێژكاری تایبەتی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی ژاپۆن، بایەخی دامەزراندنی پەیوەندی هاوبەشی لەگەڵ ژاپۆندا دووپاتكردەوە لە بوارەكانی وەبەرهێنان و بوژانەی ژێرخانی ئابووری و بەگەڕ خستنەوەی كەرتی پیشەسازی و دابینكردنی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان و سەرلەنوێ ئاوەدانكردنەوەی عێراق. 
سەرۆك كۆمار ئاماژەیكرد بۆ پەیوەندی بونیادنەری نێوان هەردوو وڵات كە نزیكەی هەشتا ساڵە بەردەوامە، ئەو پەیوەندییانەش وەرچەرخان و گۆڕانكاری باشیان بە خۆوە بینیوە كە كاریگەری ئەرێنی هەبووە لە گەشە پێدانی ئاسۆی هاریكاریی هاوبەشدا.
‏‎لای خۆیەوە راوێژكاری تایبەتی سەرۆكی حكومەتی ژاپۆن پەرۆشی وڵاتەكەی دووپاتكردەوە بۆ پشتیوانیكردنی عێراق لە جەنگی دژی تیرۆردا، هاوكات ھیواخواز بوو ئاسۆی هاریكاریی نێوان هەردوو لا فراوان ببێت، بە تایبەتی لە بوارەكانی پەرەپێدان و مەشقپێكردنی كادێرانی عێراقی و گەشەپێدانی شارەزاییەكانیان لە بوارە جیا جیا كاندا، راوێژكاری تایبەتی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی ژاپۆن ئامادەی ژاپۆنی خستەروو بۆ سەرلەنوێ ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانەی كە لەسەر دەستی تیرۆر زیانیان لێكەوتووە.