سەرۆك كۆماری داوای بەردەوامی پشتیوانی نێودەوڵەتی دەكات بۆ قۆناغی دوای داعش

الثلاثاء 11 كانون أول 2018 - 17:06

سەرۆك كۆماری داوای بەردەوامی پشتیوانی نێودەوڵەتی دەكات بۆ قۆناغی دوای داعش
بەغداد – ا ه ع
د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار لە كۆشكی سەلام لە بەغداد پێشوازیكرد لە بەڕێز ریك پیریی وەزیری وزەی ئەمریكا بە هاوڕێیەتی وەفدێكی باڵا كە پێكهاتبوو لە لێپرسراوانی حكومی و پسپۆڕ و راوێژكارانی ئەمریكا بە ئامادەیی دوگڵاس سیلیمان باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق. 
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك كۆمار لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی دەست ئاژانسی هەواڵی عێراق (ا ه ع) كەوتووە هاتووە سەرۆك كۆمار پشتگیری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای بەرز نرخاند لە پشتیوانیكردنی عیراق لە جەنگی دژی تیرۆردا، هەروەھا داوای كرد كە هاریكاریی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات لە دوای قۆناغی داعش بەردەوام بێت بە مەبەستی بوژانەوەی ژێرخانی ئابووری و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان.
سەرۆك بەرهەم ساڵح لە وتەكانیدا ئاماژەیكرد بۆ بایەخی ژیانەوەی ئابووری و ڕەخساندنی كەشێكی لە بار تا عیراق بتوانێت پشت ببەستێ بەخۆی، لەو بارەیەوە سەرۆك كۆمار باسی لە گرنگی سودوەرگرتن لە شارەزایی ئەمریكا كرد بە تایبەتی لە بواری گەشەپێدانی پیشەسازی نەوت و بە بازاڕكردنی نەوت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
وەزیری وزەی ئەمریكا ستایشی ئازایەتی و قوربانیدانی عیراقییەكانی كرد لە تێكشكاندنی تیرۆر و سەركەوتن بەسەر داعشدا، هاوكات سوربوون و بڕیاردانی عیراقییەكانی بەرز نرخاند لە بنیاتنانەوەی وڵاتەكەیان و گەشەپێدان و پێشخستنی باری سیاسی و ئابووری و خزمەتگوزاری.
ھاوكات وەزیری وزەی ئەمریكا داوایكرد ژینگەیەكی گونجاو فەراهەم بكرێت بۆ وەبەرهێنان لە عیراقدا، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد دەرفەتەكانی وزە و پەرەپێدانی ئابووری و خوێندن و تەندروستی بۆ وەبەرهێنان لە عیراقدا فراوان و بێ سنورن.