سەرۆك كۆمار پەرۆشی عێراقی نیشاندا بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە

الخميس 06 كانون أول 2018 - 15:22

سەرۆك كۆمار پەرۆشی عێراقی نیشاندا بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە
بەغداد ا ه ع
د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار،‌ ئەمڕۆ پێنج شەممە لە میانی پێشوازیكردنی لە حوسێن عەلی هەڵسورێنەری كارەكانی باڵیۆزخانەی قەتەر لە عێراقدا دووپاتیكردەوە، عێراق پەرۆشە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتی قەتەردا لە چوارچێوەی بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوو وڵات، بەو جۆرەی ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەكە و جیهان زامن بكات.
 لە بەیاننامەیەكی نوسینگەی سەرۆك كۆمار كە وێنەیەكی دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقییە (ا ه ع) كەوتووە هاتووە، لە دیدارەكەدا كە لە كۆشكی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچوو، هەڵسورێنەری كارەكانی باڵیۆزخانەی قەتەر بانگهێشتی فەرمی شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری دەوڵەتی قەتەری گەیاندە سەرۆك بەرهەم ساڵح بۆ سەردانی قەتەر، هاوكات كاربەرێكخەر هەوڵەكانی وڵاتی قەتەری خستەرو، بۆ پتەوكردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان و ئامادەیی وڵاتەكەیشی دووپاتكردەوە، بۆ پشتگیرییكردنی عێراق لە بوارەكانی سیاسی و ئابورییدا.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك كۆمار ئاماژەیكرد بۆ پێویستی بەهێزكردن و پەرەپێدانی هاریكاریی هاوبەشی نێوان عێراق و قەتەر لە هەموو بوارەكاندا، هەروەها هەوڵەكان بۆ چەسپاندنی ئارامی و كەمكردنەوەی گرژییەكان به ‌گرنگزانی لە پێناوی پاراستنی ئوقرەیی سیاسی و ئەمنی و ئابووری لە ناوچەكەدا.
سەرۆك كۆمار سوپاسگوزاریی خۆی بە هەڵسورێنەری كارەكانی قەتەردا نارد بۆ شێخ تەمیم میری دەوڵەتی قەتەر لە بەرامبەر بانگهێشتنامەكەیدا، هەروەها هیوای گەشەكردن و خۆشگوزەرانی زیاتری خواست بۆ گەلی قەتەری برا، بەڵێنیشیاندا كە بانگهێشتنامەكەی میری قەتەر لە كاتێكی گونجاودا جێبەجێ بكات.