عەبدولمەهدی بۆ چاوش ئۆغلو: پەیوەندیمان لەگەڵ توركیا بەهێزە و كار بۆ بەرەوپێشبردنی دەكەین

الخميس 11 تشرين أول 2018 - 15:29

عەبدولمەهدی بۆ چاوش ئۆغلو: پەیوەندیمان لەگەڵ توركیا بەهێزە و كار بۆ بەرەوپێشبردنی دەكەین

بەغداد-ا ه ع
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ مەولود چاوش ئۆغلو وەزیری دەرەوەی توركیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، تاوتوێی پەیوەندیەكانی نێوان عێراق و توركیا كرد.
لەبەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقییە (ا ه ع) كەوتووە هاتووە: لەمیانەی پێشوازیكردنی عادل عەبدولمەهدی لە مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا هەردوو لا تاوتوێی بەرەوپێشبردنی پەیوەندیەكانی هەردوو وڵاتیان كردووە لە بوارە جیاجیاكاندا بەتایبەت كاركردن بۆ كێشەی ئاو و ڕەوشی ناوچەكە.
سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو تەئكیدی كردەوە عێراق چۆتە ناو قۆناغێكی نوێوە دوای سەركەوتنی بەسەر تیرۆردا و دووبارە سەرقاڵی ئاوەدانكردنەوەیە كە ئەوەش پێویستی بە پشتیوانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، وتیشی پەیوەندێكی زۆر پتەو وباش ئێمە و وڵاتی توركیای دراوسێ بەیەكەوە دەبەستێتەوە و كار دەكەین بۆ بەهێزكردن و بەرەو پێشبردنی ئەو پەیوەندیە بەشێوەیەك لەخزمەتی بەرژەوەندی هەردوو وڵاتدابێت
لای خۆشیەوە چاوش ئۆغڵو تەێكیدی كردەوە توركیا بەردەوام دەبێت لەسەر پشتوانیكردنی عێراق لەهەموو بوارەكاندا و بەردەوام كار دەكات بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو پەیوەندیانە و ئامادەی وڵاتەكەی خۆشی پیشاندا بۆ كاری هاوبەش بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێراوەكان.