مەحمود عوسمان: هەڵبژاردنەكانی 30 ئەیلول هیچ گۆرانكاری لە نەخشەیی سیاسی هەرێمی كوردستان ناكەن

الجمعة 21 أيلول 2018 - 11:25

مەحمود عوسمان: هەڵبژاردنەكانی 30 ئەیلول هیچ گۆرانكاری لە نەخشەیی سیاسی هەرێمی كوردستان ناكەن

صباح كوردستان

دكتۆر مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری ناوداری كورد راگەیاند هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لەرۆژی 30 ی ئەم مانگەی ئەیلول لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێن، هیچ گۆرانكاریەك لە نەخشەی سیاسی هەرێمی كوردستان ناكەن و پێویستە بەرپرسە باڵاكان لە حزبە سیاسییەكانی كوردستان بچنە ناو پەرلەمان بۆ ئەوەی پەرلەمان رۆڵی خۆی ببێنێت لە چارەسەركردنی كێشەكان.

دكتۆر مەحمود عوسمان لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ رۆژنامەی صباح كوردستان گوتی:

 پێم وایە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان هیچ گۆرانكاریەكی وەها دروستی ناكەن و ئەم هەڵبژاردنە ئەنجام بدرێن یان نا هەر وەكو یەكە وهیچ لە نەخشەیی سیاسی هەرێمی كوردستانیش ناگۆرن.

سەبارەت بەهۆیەكانیشی راگەیاند" ئەگەر بەرپرسە سیاسییەكان بەتایبەتی ئەوانەی كە كارو بڕیاریان بەدەستەوەیە نەچنە ناو پەرلەمان،  پەرلەمانی كوردستان هیچ رۆڵ و كاریگەری ئەوهای نابێت چونكە لەلایەن ئەوانەوە  پەرلەمان شتێكی لاوەكیە و لەدەرەوەی پەرلەمان بڕیار دەدەن و ئەو جۆرە پەرلەمانە هەبێت یان نەبێت هیچ كاریگەری نییە.

سیاسەتمەداری كورد ئەوەشی خستەروو كە بۆ ماوەیەكە ئەو لەو بروایەدایە كە پێویستە سیاسییەكان وبەرپرسە حزبییەكان و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی حزبە كوردستانییەكان بەخۆیان بچنە ناو پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوەی ئەو پەرلەمانە ئەكتیڤ بێت و رۆڵی خۆی هەبێت، بەڵام بەداخەوە تائێستا پەرلەمان بەبچوك دەبینن و خۆیان پێ گەورەترە لە پەرلەمان ئەگی نا بۆ ناچنە ناو پەرلەمان چونكە پەرلەمان جێگای چارەسەری كێشەكانە.

هەروەها روونی كردەوە كە تائێستا بڕیارەكان  لە هەرێمی كوردستان لەدەرەوەی پەرلەمان دەدرێن و لەلایەن چەند كەسێكەوە كە وا دیارە پێیان باشە بەو شێوەیە بێت.