زیادبوونی رێژەی نەخوێندەواری لای گەنجان ... گرفتێکە لەنێوان هۆکارە ئابوورییەکان و چارەسەر کاتییەکانیدا

الأربعاء 19 أيلول 2018 - 10:35

زیادبوونی رێژەی نەخوێندەواری لای گەنجان ... گرفتێکە لەنێوان هۆکارە ئابوورییەکان و چارەسەر کاتییەکانیدا

دەزگای ناوەندی ئامار لە وەزارەتی پلاندانان بەمدواییانە رایگەیاند رێژەی نەخوێندەواری لەنێو گەنجانی عێراقدا لە ساڵی ٢٠١٧دا گەیشتووەتە ٨،٣٪، ئامارەکە دەریخستوە کە "رێژەی نەخوێندەواری ساڵی رابردوو لەنێو چینی گەنجاندا لە تەمەنی ١٥ تا ٢٩ ساڵیدا گەیشتووەتە ٨،٣٪، و لەو رێژەیەدا ٦،٥٪ یان لە رەگەزی نێرن و نزیکەی ١٠٪یشیان لە رەگەزی مێن.

بەغدا/ فەجر محەمەد

و. صباح کوردستان

کچێك بە پەشۆکاوییەکی ئاشکرا هەوڵدەدات لە ناو یەکێك لە بانکەکاندا مامەڵەکانی رایی بکات، هەرچەند لە رووی جەستەییەوە هیچ کێشەیەکی نەبوو بەڵام ئەو کچە(و، ل) کە لە بیستەکانی تەمەنیدایە نەیدەتوانی ناو و ناونیشانی خۆی بنوسێت، پووری کە لەگەڵیدا بوو بە روونی وتی "خوشکەزاکەم هەر لە ساڵانی سەرەتای ژیانییەوە لە قوتابخانە ئارەزووی گۆڕینی ئاستی زانستی و خوێندنی نەدەکرد، هەرچەندە ئێمە هەوڵێکی زۆرمان لەگەڵدا بەڵام سەرکەوتوو نەبووین و هەر وەکو خۆی مایەوە، حەزی نەدەکرد فێربێت، لەگەڵ ئەوەی دواتر زۆر پەشیمان بووەوە لەوەی کە بایەخی بە فیربوون و خوێندن نەدا".

جێی باسە دەزگای ناوەندی ئامار لە وەزارەتی پلاندانان بەمدواییانە رایگەیاند رێژەی نەخوێندەواری لەنێو گەنجانی عێراقدا لە ساڵی ٢٠١٧دا گەیشتووەتە ٨،٣٪، ئامارەکە دەریخستوە کە "رێژەی نەخوێندەواری ساڵی رابردوو لەنێو چینی گەنجاندا لە تەمەنی ١٥ تا ٢٩ ساڵیدا گەیشتووەتە ٨،٣٪، و لەو رێژەیەدا ٦،٥٪ یان لە رەگەزی نێرن و نزیکەی ١٠٪یشیان لە رەگەزی مێن.

گرفتێکی دیار

لەوکاتەی پووری(و ، ل) ئەو کچە بیست ساڵییە قسەیدەکرد نیشانەکانی شەرم بەروونی بەرووییەوە دیاربوو، "زۆر رقی لە قوتابخانە بوو، بەشێوەیەکی نیمچە رۆژانە لە دەوامی قوتابخانە دوادەکەوت، هەرچەندە هەوڵماندا هانیبدەین بۆ ئەوەی لەخوێندن بەردەوام بێت، بەڵام زۆر بەتوندی رەتیدەکردەوە، و بیانو و پاساوی دەهێنایەوە و ئەرکەکانی قوتابخانەی جێبەجی نەدەکرد، و بەبەراورد لەگەڵ هاوڕێکانیدا زۆر دوادەکەوت و دواتر بەتەواوەتی زوو وازی لە خوێندن هێنا".

لەوبارەیەوە وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان عەبدولزەهرە هینداوی ئاماژەدەدات بەوەی کە "گرفتی نەخوێندەواری بەشێووەیەکی ئاشکرا کەسانی تەمەن گەورە بەدەستییەوە دەناڵێنن، هەروەها ئەو گەنجانەیشی کە بەهۆی بارودۆخی ئابووری یان کۆمەڵایەتی یاخود ئەمنییەوە دەرفەتی خوێندنیان نەبووە، بەڵام رێژەکەی لە ساڵانی رابردوودا ١٨٪ بووم ئەمڕۆکە بووە بە ١١٪.

نەهێشتنی نەخوێندەواری

یاسین سەعد کە لە بیستەکانی تەمەنیدایە و بارودۆخی سەختی ئابووری خێزانەکەی رێگەی نەداوە خوێندنەکەی تەواو بکات، هەرچەندە زۆر ئارەزووی کردووە بخوێنێت و لە پۆلەکەیدا زیرەك بووە بەڵام دوای ئەوەی باوکی کۆچی دوای کردووە بەرپرسیارییەتی خێزانی ناچاریکردووە قوتابخانەکەی جێبهێڵێت و زوو خۆی بگەیەنێتە بازاڕ، یاسین بەدەنگێکی پڕ لەمتمانەوە دەڵێت "هەندێکجار بارودۆخ ناچارمان دەکات بڕیاری سەخت و چارەنوسساز بدەین لەوانە جێهێشتنی قوتابخانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دواتر بەباشم زانی پەیوەندی بەیەکێك لە بنکەکانی نەهێشتنی نەخوێندەواری بکەم بۆئەوەی فێربم و پێداچوونەوە بە زانیارییەکانم بکەم، و رێگەنەدەم نەزانی و دواکەوتووی بەسەرمدا زاڵبن".

بەڕێوبەری گشتی کاروباری هونەری لە دەزاگای جێبەجێکاری نەهێشتنی نەخوێندەواری لە وەزارەتی پەروەردە عەبد بیوچ حەبیل جەختیکردەوە کە "بنکەکانیان پێشوازیان لە ژمارەیەکی زۆری تەمەنە جیاوازەکان کردووە بەتایبەتی گەنجان، و خزمەتەکانی بەپێی یاسای ژمارە ٢٣ ی ساڵی ٢٠١١ پێشکەش دەکات و شەش دەستە لە هەردوو قۆناغی بنەڕەتی و تەواوکاریدا دەرچوون، بۆ زانیاری نەهێشتنی نەخوێندەواری بۆ تەمەنی سەرووی ١٥ ساڵییەوە".

ئاماژەشیدا بەوەی کە بەهۆی ئەو بارودۆخە ئەمنی و ئابوریییەی کە لەساڵانی رابردوودا رووی لە عێڕاق کردووە ژمارەیەکی زۆری گەنجان نەخوێندەوارن، بەڵام ئەمە نەبووەتە بەربەست لەبەردەم ژمارەیەکی زۆریان لەوەی پەیوەندی بکەن بە بنکەکانی نەهێشتنی نەخوێندەواری لە ناوچەکانیاندا، و بڕوانامەیەیکیان پێدەبەخشرێت لەبەرامبەر بڕوانامەی چوواری سەرەتاییدایە و دەتوانن دوای ئەوە لە پۆلەکانی پێنج و شەشی سەرەتاییدا درێژە بەخوێندنەکەیان بدەن، بۆ زانین عێراق لە نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە لەلایەن رێکخراوی یونسکۆوە وەك وڵاتێكی تەواو خاڵی لە نەخوێندەوار تۆمارکراوە".

وازهێنان لە خوێندن

یەکێك لەو هۆکارانەی بوونەتە هۆی زۆربوونی رێژەی نەخوێندەواری لە نێو گەنجاندا وازهێنانە لە قوتابخانە کە بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی خوولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران نزیکەی ١٩٣٤٤٦ قوتابی کوڕ و کچ لە ساڵی خوێندنی ٢٠١٦/٢٠١٧ لە هەردوو قۆناغی سەرەتایی و دواناوەندی وازیان لە خوێندن هێناوە، هەروەها ئاماژەشیداوە بەوەی کە پێویستە کەرتی پەروەردە لە عێراقدا چارەسەرێك بۆ ئەم گرفتە بدۆزێتەوە.

وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە ئامارێکدا کە پێشتر بەهاوکاری لەگەڵ وەزارەتی پلانداناندا ئامادەیکردووە هێمای بۆ ئەوە کردووە دیاردەی وازهێنان لە خوێندن لەگەڵ یاسای خوێندنی بەزۆردا ناکۆکە، بەتایبەت لەبەرئەوەی بەپێی سامپڵێك لە توێژینەوەیەکی وەزارەتی پلاندانان رێژەکەی گەیشتووەتە ٢٠٪، و وەزارەتیش لەهەوڵی ئەوەدایە ئەو قوتابیانە بگەڕێنێتەوە کە وازیان هێناوە.

لێهاتوویی و کارامەیی ژیان

خاتونێك بەناوی هالە مەجید کە لە بیستەکانی تەمەنیدایە لەسەر ماکینەیەکی دروومانی دانیشتبوو خەریکی ئامادەکردنی جلوبەرگ بوو کە بەدەستی خۆی دەیدووری، دوای ئەوەی لەیەکێك لە بنکەکانی نەهێشتنی نەخوێندەواری ئەو ناوچەیەی تێیدا دەژی فێری ببوو، هالە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەوەی فیری خوێندن و نوسین بووە و هاوکات پیشەیەکی گرنگیش فێربووە لەداهاتوودا هاوکاری خۆی و خانەوادەکەی دەکات، و چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە و دەڵێت "ناچاربووم، لە پۆلی سێیەمی سەرەتاییدا دەستبەرداری خوێندن بم، تاکو بتوانم یارمەتی دایکم بدەم لە کارەکانی ماڵەوە و پەروەردەکردنی چوار براکەم، بەڵام خۆشەویستیم بۆ خوێندن و خەونی من لە فێربوونی نووسین و خوێندنەوە بەشێوەیەکی باش هەرگیز لێم جیانەدەبووەوە، لەبەرئەوە دواتر پەیوەندیم بەیەکێك لە بنکەکانی نەهێشتنی نەخوێندەواری، هەرلەبەرئەوەش بوو فیری بەرگدرووی بووم کە هاوکات ئارەزووێکی خۆم بوو".

بەڕێوبەری گشتی کاروباری هونەری لە دەزگای جێبەجێکاری نەهێشتنی نەخوێندەواری لە وەزارەتی پەروەردە روونیدەکاتەوە کە شەش دەست لە نکەکانی نەخوێندەواری دەرچوون، بێجگە لە هەلی فێربوونی توانا و لێهاتووی ژیان و پیشە و پیشەسازییەکانی وەك بەرگدروویی و سەرتاشی و پیشەسازییەکانی خۆراك، و ژمارەی دەرچووانیش گەیشتووەتە ٢٧ هەزار کەس، کە دوای ئەوەی مەرجی تەمەنیان لەسەر لابراوە، ئەگەر حەزبکەن دەتوانن خوێندنی ناوەندی و ئامادەیی تەواو بکەن.

بارودۆخی ئابووری

یاسین سەعد چیرۆکی خۆی گێڕایەوە و شریتی یادەوەرییەکانی دووبارە دەکردەوە، و وتی "دوای مەرگی باوکم خۆم بەتەنیا بینیەوە لەگەڵ خیزانێكی پێکهاتوو لە چوار کچ و دوو کوڕ، لەبەرئەوەی پیویست بوو لەسەرم بەخێویان بکەم و بەو هۆیەشەوە هەر زوو پەیوەندیم بەبازاڕەوە کرد، و چەندین پیشەی جیاوازم تاقیکردەوە و بەهۆی بارودۆخی ئابورییەوە لە ناوە ناوە بازاڕی دەگرتەوە لەسەر هیچ کامێکیاندا جێگیر نەبووم، من بژاردەی وازهێنان لە خوێندنم هەڵنەبژارد جونکە تێیدا سەرکەوتوو بووم، بەڵام ناچاربووم ئەو کارە  بکەم".

توێژەر و ئەکادیمیست لە زانکۆی بەغدا خاتو ناز بەدرخان سندی ئاماژەدەدات بەوەی کە زۆر لە گەنجانی کوڕ و کچ ئەوانەی کە بارودۆخی سەختی ئابووری و خراپی دۆخی بژێوی ناچاری کردوون واز لەخوێندن بێنن و زوو پەیەوەندی بکەن بە بازاڕی کارکردن، ئەمەش بێبەشی کردوون لە هەلی بەدەستهێنانی ئاستی زانستی پێشکەوتوو کە ئایندەیانی خستۆتە بەردەم مەترسییەوە، ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە توێژینەوەی زانستی و پەروەردەیی هەن هێما بۆ ژمارەی گەورەی ئەو قوتابیانە دەکەن کە ئارەزووی جیهێشتنی خوێندن دەکەن لەبەر ئەو توندوتیژییەی کە لەناو قوتابخانەکاندا هەیە،م یان لەبەر تیڕوانینی گشتی لە دەرچووان بەوەی کە ناتوانن هەلی کار بەدەستبێنن، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە لەسەر کۆمەڵگا و وا دەکات دواکەوتوو نەخوێندەوار بن، ئەم دۆخەش لایەنە پەیوەندارەکان ناچار دەکات چارەسرێکی راستەقینەی بۆ بدۆزنەوە.

یەکخستنی هەولەکان

یاسین سەعد بەگەشبینییەوە وایدەبینێ هەلی فێربوون مافێکە لە مافەکانی هەر مرۆڤێك و گرنگە، بارودۆخەکە هەرچۆنێك بێت، دەبێ بەبوێری روبەڕووی ببینەوە، و واز لەخوێندن نەهێنین بۆئەوەی ببین بە کەسی سەرکەوتوو لە ناو کۆمەڵگادا و بتوانین داوای مافەکانمان بکەین".

جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ لە ماددەی ژمارە ٢٦ و ١٣ و ١٤ دا جەختیکردووەتە سەر پەیمانی نیودەولەتی تایبەت بە مافە ئابووری و کۆمەلایەتی و رۆشنبیرییەکان، هەروەها رێککەوتنامەی ساڵی ١٩٦٠ ی یونسکۆ ئاماژەیداوە بە مافی فێربوون و نەهێشتنی جیاوازی لە بواری خویندن و فێرکردن، هەروەها لەساڵی ١٩٨١دا مافی فیربوون لە رێککەوتنامەی زاڵبوون بەسەر هەموو شێوازەکانی جیاوازی دژی ژنان دەرکەوت، و لە ساڵی ٢٠٠٦یشدا رێککەوتنامەی کەسانی کەمئەندام لە ئەوڕوپا دەرکەوت.

وتەبێژی فەرمی بەناوی دەزگای جێبەجێکاری نەهێشتنی نەخوێندەواری لە وەزارەتی پەروەردە موئەیەد عوبەیدی رونیدەکاتەوە کە کێشەکە زۆر مەترسیدارە ناتوانرێت بەتەواوەتی بەسەریدا زاڵبین، ئەگەر بێتو هەوڵە جیهانی و مرۆییەکان یەکنەخرێن، بەوەی کە ئافاتێکە هەڕەشە لە کۆمەڵگا و وڵاتە جیاجیاکان دەکات، و چونکە عێراقیش لەپێشەوەی ئەو وڵاتانەدایە ساڵانی رابردوو هەوڵەی زاڵبوون بەسەر ئەو گرفتەی داوە، لەبەرئەوە دەکرێ سەرلەنوێ روبەڕووی ببینەوە. هەروەك واباوە وازهێنانی گەنجان لە خوێندن کارێکە برودۆخی سەختی ژیان لەئەنجامی دەربەدەربوون و شەڕەکان و گرفتی دیکە سەپاندوویەتی، و وێڕای ئەمەش دەستپێشخەرییەکان بەردەوامن دەربارەی رزگاربوون لە نەخوێندەواری، و بەکرداریش لەساڵانی رابردوودا رێژەکە کەمکرایەوە و بنکەکانی نەهێشتنی نەخوێندەواری ژمارەیەکی زۆری هاوولاتیان تێیاندا دەرچوون، و شایانی باسیشە ئەنجمونەێکی نەهێشتنی نەخوێندەواری لە هەموو پارێزگاکاندا هەیە لەلایەن پاریزگارەکانەوە سەرۆکایەتی دەکریت و بەڕێوبەری پەروەردی پاریزگاکانیش دەبن بە جێگری پارێزگاکان، بەڵام گرنگە ئەو ئەنجومەنە رۆڵێکی گەورە بگێڕێت و بەتەنها قوورسایی نەخاتە سەر نەهێشتنی نەخوێندەواری، بۆ زانینی ئەم ئەنجومەنانە کاردەکەن بۆ کۆکردنەوەی ژمارەی نەخوێندەواران لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ ئەم گرفتە.

هەروەها شایانی باسە رزگاربوون و زاڵبون بەسەر نەخوێندەواری ئەرکە بەسەر دامەزراوەکانی دەوڵەت و تەواوی وەزارەتەکان، بەوەی کە داتاکان بۆ زانین و کۆکردنەوەی ژمارەی نەخوێندەوارەکان ئەوانەی کە لەناو دامەزراوە حکومییەکاندان یان لەدەرەوە کاری ئازاد دەکەن، زاڵبوونیش بەسەر ئەم گرفتە پێویستی بە هەوڵی زۆری دامەزراوە مێدیایەکان هەیە، بۆیە هاریکاریکردنی بەردەوامە لەگەڵ تۆڕی راگەیاندنی عێراقی لەپێناو هۆشیارکردن و رۆشنبیرکردن بۆ کۆتاییهێنان بە نەخوێندەواری.